چاونیوز: پاش دەرچوونی بڕیاری کۆتایی دادگا، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “نێ”، سەربە شاری مەریوان، ئەمڕۆ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، خۆی بە بەندیخانەی ئەو شارە ناساند.
بەپێی ئەو هەواڵەی بە دەستی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نێردراوە، ئەمڕۆ “ئارام نیکپەی”، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “نێ”، بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی زیندانەکەی، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەریوانی ناساند.
ناوبراو بە بۆنەی بەشداریی لە نەورۆزی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو. دواتر لەلایەن دادگاوە دۆسیەی بۆ کرایەوە و سزای زیندانیکردنی بەسەردا بۆ دەرکرا.
شایانی باسە، ساڵانە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا لە شاری مەریوان و بەتایبەت گوندی “نێ”، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و چالاکوانانی مەدەنی بەهۆی بەشداریکردن لەو ئاهەنگەکاندا ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن و دەسبەسەرکردن دەبنەوە.





