چاونیوز: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە، پاش هەفتەیەک بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا.
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، زانیار مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە کە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، پاش هەفتەیەک بەندکران، بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی شاری بیجاڕ ئازاد کرا.
هەر لەسەر زانیارییە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، ناوبراو بە دانانی بارمتەی قورسی٢ ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی، تا کاتی دادگاییکردنەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
زانیار مورادی ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر کرابوو.
سەرەڕای ئازادبوونی ناوبراو، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێشتا بەوردی هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە، بە ڕوونی ئاشکرا نەکراون.





