ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ۱٤۰٤، ڕامین زەلە بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی نەغەدە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حوکمی لەسێدارەدانی بە سەر دا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە چاونیوز گەیشتوو،
ڕامین زەلە، لەلایەن لەقی یەکەم دادگای ئینقلابی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر سیامی بە تۆمەتی “بغی” لە ڕێگەی ئەندامبوونی لە یهکێک لە حیزبه کوردییەکانی دژبەری حکومەت سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپێندرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە لە ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز ئەمساڵ بەشێوەیەکی فەرمی بە ناوبراو لە بەندینخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە کە دادگاییکردنی ڕامین زەلە دوای ساڵێک و ٤ مانگ و ١٩ ڕۆژ لە دەسبەسەربوونی، تەنیا لە ماوەی چەند خولەکێکدا بەشێوەیەکی ناڕوون و بەبێ دەستڕاگەیشتنی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆی بەڕێوە چووە.
ڕامین زەلە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری نەغەدە دەسبەسەر و دوای ماوەیەک بۆ بەندینخانەی ناوەندیی ئەم شارە گوازراوەتەوە.





