چاونیوز: چەند ئەندامی بنەماڵەیەک کە لە باوک، کچ و زاوایەک پێک هاتوون پاش تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنیان، هەروەها لە دۆخی ناڕوونیدا بەسەر دەبەن.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە چاونیوز گەیشتووە، دوای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی “عەلیئەحمەد شەفیعی” و کچەکەی “زەهرا شەفیعی”، خەڵکی شاری زەرنە سەربە پارێزگای ئیلام، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و یاساییان لە بەردەستدا نییە.
بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، “مەهدی یوسفی” هاوسەری “زەهرا شەفیعیـ”ـیش لە هەمان کاتدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستە لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا ڕاگیراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ کام لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان هیچ ولامێکیان نەداوەتەوە. هەروەها بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە لە مافەکانی سەردان و پەیوەندی تەلەفۆنی بێبەش کراون.
ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەمەڕ گوشارخستنەسەر، لێپرسینەوە ئەمنییەکان و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی دەسبەسەرکراوان.
جێگەی ئاماژەیە، کە “عەلیئەحمەد شەفیعی” و “زەهرا شەفیعی” باوک و خۆشکی “ئیدریس شەفیعیـ”ـین، کە لە ساڵی ١٣٩٨ لە کاتی تێکەڵچوونی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی جوانڕۆ گیانی لەدەست دا.
هەروەها “عەلیئەحمەد شەفیعی” پێشتریش چەند جارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و تووشی لێپرسینەوە بووە.
سەرچاوە نێوخۆیییەکان پێیان وایە، دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە، ڕەنگە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پێشینەی سیاسی و ئەمنییەتیی ئەم بنەماڵەوە هەبێت.





