چاونیوز: لە سەرەتای دەسپێکردنی دوایین خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە لاوان و مێرمنداڵان و تەنانەت منداڵی کورد بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ کە بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباردا، “محەممەدڕەزا عەوەزپوور”، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی ئیلام، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست داوە.
جێی ئاماژەیە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوە ئاگادارە بۆ چاونیوز، دەیان هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام، کرماشان و لوڕستان، لە خۆپیشاندانەکانی شاری تاران یان گیانیان لەدەست داوە، یان دەسبەسەر و بریندار بوون و تا ئێستا ناسنامەی زۆربەیان ئاشکرا نەبووە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە باوەڕپێکراوە، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، لە شارەکانی ئیلام و کرماشان زیاتر لە ٤٠٠ کەس، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان گیانیان لەدەست داوە.





