چاونیوز: دوای ئەوەی کە خەڵکی ئێران و کوردستان توانییان دەستیان بە ئینترنت بگات، ناسنامەی ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شارەکانی کوردستان ئاشکرا بوو.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی گەیشتووەتە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، میلاد گەنجدۆست، پەرستار و وەرزشوان، تەمەن ٢٦ ساڵ، خەڵکی شاباد سەر بە کرماشان، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی ئەم گیانبەختکردووە، دوای ڕادەستکردنەوەی بە بنەماڵەکەی، لە گوندی “سەید ئەیاز” بە خاک سپێردرا.
جێی ئاماژەیە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران و کوردستان، لاوان و مێرمنداڵانی کورد و لوڕ بە شێوەیەکی بەرچاو دەکرێنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ئەنجامدا یان کوژراون، یان بریندار و لە کاتی برینداربووندا دەسبەسەر کراون.





