چاونیوز: شارەکانی کوردستان هەموو ڕۆژێک بینەری ئاشکرابوونی ناسنامەی گیانلەدەستداوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، “لەیلا شوکری”، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٤٣ ساڵ، خەڵکی هەمەدان و دانیشتووی قەرچەک سەر بە تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا کوژرا.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە چاونیوزیان ڕاگەیاندووە، “لەیلا شوکری”، خێزاندار و دایکی سێ منداڵە و لە کاتێکدا لە نزیک شوێنی گردبوونەوەکان ڕاوەستاوە، لەلایەن قەناسەبەدەستێکی جێگیر لە دەوروبەری خۆپێشاندانەکانەوە، کراوەتە ئامانج.
شایانی باسە دوای ئەوەی گولـلە بەر سەری ناوبراو دەکەوێت، دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە و دوای دوو کاتژمێر، ئاگاداری بنەماڵەکەی دەکرێتەوە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی سەردانی “کەهرزیک” بکەن.
تەرمی “لەیلا شوکری”، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار، وەرگیراوەتەوە و لە کەشێکی تەواو ئەمنیدا لە “بەهەشتی فاتمی”ی قەرچەک بە خاک سپێردراوە.





