چاونیوز: ئاماری گیانلەدەستدراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شارەکانی کوردستان، ڕووی لە زیادبوونە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ماڵپەڕ و ناوەندەکانی مافی مرۆڤدا بڵاو کراونەتەوە، دوو هاوژینی لاوی خەڵکی جوانڕۆ، بە ناوەکانی مەهدی (خەبات) کاکایی و شەهلا کاکایی، ئێوارەی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە شارۆچکەی ئیلاهییەی کرماشان و لە کاتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکاندا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەست داوە.
کوشتن و بەئامانجگرتنی خۆپێشاندەرانی مەدەنی و بێدیفاع بە گولـلەی جەنگی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، بە پێشێلکردنی ئاشکرا و زەقی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، لەوانە مافی ژیان و ئازادیی ڕادەبڕین دادەنرێت. ئەم کردەوانە، بەپێی بەڵگەنامەکانی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ، بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت و پێویست دەکات کە بکەران و دەرکەرانی فەرمانە پەیوەندیدارەکان بەم کوشتار و سەرکوتە نامرۆڤانانە، لە ناوەند و دادگا نێودەوڵەتییە خاوەن سەڵاحییەتەکاندا ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی سزایی و دادگاییکردن ببنەوە.





