چاونیوز: لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شارەکانی ئێران، جگە لەو هاوڵاتییانەی کە لە شارەکانی کوردستان کوژراون، ڕۆژانە ناسنامەی هەندێک لە گیانلەدەستدراوانی کورد لە شارەکانی دیکەش ئاشکرا دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە چاونیوز، “سادق قودسی” و “ئیلیاد قودسی” دوو گەنجی خەڵکی گوندی “هەمپا”ی شاری تیکاب، ئێوارەی ١٨ی بەفرانبار، لەلایەن مەئمورانی کۆماری ئیسلامییەوە لە قەڵا حەسەنخانی تاران کوژراون.
سادق و ئیلیاد قودسی، دوو ئامۆزا بوون کە لە ناڕەزایەتییەکانی قەڵا حەسەنخان لە شاری قودس بەشدار بوون و لە دواوە تەقە لە سەری ئەم دوو گەنجە کراوە و هەردووکیان گیانیان لەدەست داوە.
جێی ئاماژەیە کە سادق قودسی، تەمەنی ٣٩ ساڵە و خاوەنی دوو منداڵە و ئیلیادیش تەمەنی ١٨ ساڵ بوو.
بە وتەی نزیکانی ئەم دوو گەنجە کوردە، هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیان داوای بڕی ٨٠٠ ملیۆن تمەنیان وەک “پارەی گولـلە” کردووە، بەڵام بەداخەوە بنەماڵەکانیان توانای پێدانی ئەو بڕە پارەیەیان نییە و ڕێژیمیش لەم دەرفەتە کەڵکی وەرگرتووە و وتوویەتی بەو مەرجە تەرمەکان ڕادەست دەکەینەوە کە ڕابگەیەنن ڕۆڵەکانتان بەسیجی بوون و لەلایەن لایەنی دەرەکییەوە کوژراون.





