چاونیوز: چارەنووسی بەندکراوێکی کورد پاش هەفتەیەک هێشتا ناڕوونە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ زانیارییەکی ڕاست نادەنە دەستی بنەماڵەکەیەوە.
بەپێی زانیاری و هەواڵەکانی بەردەست، بە تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر دەسبەسەرکرانی “سەردار ڕامین”، هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی ئاوایی “قارنێ” سەر بە شاری نەغەدە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و ئەم دۆخە بووەتە جێی نیگەرانیی بنەماڵەکەی.
سەردار ڕامین، کە خێزاندارە و دانیشتووی شاری شنۆیە، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری نەغەدە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم ماوەیەدا، ناوەندە ئەمنییەتی و قەزایییەکان ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتەکانی ناوبراو بە بنەماڵەکەی بدەن. هەروەها ناوبراو لەو ماوەیەدا لە بنەڕەتترین مافەکانی خۆی، وەک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ کەسوکارەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەش کراوە.
جێگای ئاماژەیە، ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو پاش تێپەڕاندنی ٦٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





