عەبدولهادی شێخەپوور، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، گیانی لەدەستدا لە کاتێکدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ماوەی حوکمەکەی تەواو ببوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، عەبدولهادی شێخەپوور، بەندکراوی خەڵکی شاری سەردەشت و باوکی دوو منداڵ، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە، لە کاتێکدا کە حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانەکەی تەواو ببوو گیانی لە دەستدا.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، عەبدولهادی شێخەپوور سەرەڕای دۆخی نالەباری تەندروستی، ماوەی دوو ڕۆژ پێش گیانلەدەستدانی بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ بنکەی تەندروستی زیندان نەگوازرابۆوە و هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم بەندکراوە وەستانی دڵی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.
ناوبراو نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەسبەسەرکراوە و سزای ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو و چەند ڕۆژێک پێش مردنی حوکمەکەی تەواو کردبوو، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ئازادکردنی دواکەوتبوو.





