کاوەیس عەبدوڵڵازادە، خەڵکی مەهاباد لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بە سەردا سەپا و شەش هاووڵاتیی دیکەش بە ناوەکانی؛ سالار بایزیدی ئازەر خەڵکی مەهاباد، هێمن مام قادری، یووسف مام قادری، مەنسوور کەربەلایی، سالار سەیدڕەحیمی و حەسەن مامیل ئازەر خەڵکی بۆکان، سەرجەم بە ٦۰ساڵ بەندکران سزا دران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتووە بە چاونیوز، لقی یەکی دادگای ئینقلابی مهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر “ئەحەد سیامی” کاوەیس عەبدوڵڵازادە خەڵکی مەهابادی بە لەسێدارەدان مەحکووم کرد و هەروەها سالار بایەزیدی ئازەر خەڵکی مەهاباد، هێمن مام قادری، یووسف مام قادری، مەنسوور کەربەلایی، سالار سەیدڕەحیمی و حەسەن مامیل ئازەر، لەلایەن ئەو دادوەرەوە هەرکام بە ۱۰ساڵ و بەگشتی ٦۰ساڵ بەندکران سزا دران.
تۆمەتی ئەو هاووڵاتیانە، “درووستکردنی گرووپ و دەستە بە ئامانجی ڕووخاندنی حکومەت و دانانی بەرنامە و پلان بەدژی ڕێژیم و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ” بووە.
شایانی باسە کە لەناو ئەم تۆمەتبارانەدا کاوەیس عەبدوڵڵازادە، دوای ئەوەی بە بارمتە ئازاد کرابوو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشتووە.
ئەو هاوڵاتیانە لە مانگی پووشپەڕی ۱٤۰۱ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و دوای ماوەیەک بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
هێمن مام قادری و یوسف مام قادری، کە لە ڕێگای بۆکان _ سەقز دەسبەسەر کرابوون لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لەکاتی دەسبەسەرکردندا تەقەیان لێ کرابوو و بە برینداری دەسبەسەر کرابوون.





