ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤، “شەهاب تەوان” هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی گوندی “برایماد”ی، ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، لەگەڵ شەش هاووڵاتیی دیکە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، شەهاب تەوان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی میاندواوبە سەرۆکایەتی دادوەر “وەلایی”، بە تۆمەتی “تەبلیغ بەدژی نیزام” لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دایکی چەند شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی ئازادیی کوردستان، بە ٣ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکران مەحکوم کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند: کە پێشتریش شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی: بێهزاد بەرجەستە، کەیوان بەرجەستە، مۆبین مەجیدزاده، خالق ڕەحیمی، نیما قوربانیزاده و سدیق عەبباسنژاد، لە هەمان دۆسیەدا، لەلایەن دەزگای قەزایی میاندوا سزای ۱٨ مانگ و ٦ ڕۆژ، بەندکرانیان بە سەردا سەپێندرا.
شەهاب تەوان لەگەڵ ئەو شەش هاووڵاتییه ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٤ی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٣ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و پاش یەک مانگ بەندکران، بە دانانی بارمتەی ۱ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.





