سالار خەلیفەزادە، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، نزیکەی ١٢ ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی ـ دووکانی فرۆشتنی خواردنی ئامادەکراو لە نزیک قوتابخانەی فاتمە لە شاری مەهاباد، بەبێ پێبوونی بەڵگەی قەزایی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی سالار خەلیفەزادە، تا ئێستا چەندین جار بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو سەردانی ناوەندەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەیان کردووە کە هەوڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و هیچ زانیارییەکیان لەو بارەوە دەست نەکەوتووە.





