لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، “سامان قوربانی”، هاووڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵ، کوڕی ئیسماعیل و دانیشتووی گوندی “یاڵتەمر” سەر به شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی یاساییان پێ بێ بە توندوتیژی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونە پاڵ سامان قوربانی لەبەردەستدا نییە.
شایەنی باسە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.





