ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان، بەندکراوێک بە ناوی “ئەمیر ئەمیری” خەڵکی شاری سەحنە سەر بە کرماشان، لە بەندیخانەی قەزەڵحساری کەرەج بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە پێشتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی باسی لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی کردبوو بەڵام سێ ڕۆژ دواتر، بەرپرسانی بەندیخانە پەیوەندییان بە بنەماڵەکەیەوە کرد و هەواڵی مەرگیان پێ ڕاگەیاندن. لەم سێ ڕۆژەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان ئەو و بنەماڵەکەی نەبووە.
ئەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە؛ کەمتەرخەمی لەمەڕ دۆخی پزیشکیی ئەمیر و پچڕانی لەناکاوی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی، لەبارەی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنی، گومانی دروست کردووە.
ئەمیر ئەمیری ٤٠ ساڵە، خاوەن دوو منداڵە و دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە سێدارە حوکم درابوو.





