لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، سزای سێدارەی سێ زیندانی بە ناوەکانی “مەجید حوسێنی” خەڵکی ئیلام، “ئەکبەر ئیمامی” خەڵکی نووراوا و “مەسعوود ئیختیاری” خەڵکی کوویەشت لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە ئاگادارەکان؛ ئەم سێ زیندانییە چەند ساڵێک پێش ئێستا لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی “ماددە هۆشبەرەکان” دەسبەسەر کرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانان، سزای سێدارەی دوو زیندانی دیکە بە ناوەکانی “ئەحمەد حەقی” و “مەجید سولەیمانی”، هەردووکیان خەڵکی ئیلام، لە زیندانی ناوەندی ئەو شارە جێبەجێ کراوە.
ئەم دوو زیندانییە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەسبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
وێنەکان: مەجید حوسێنی، ئەکبەر ئیمامی و مەسعوود ئیختیاری





