چاونیوز: بەپێی ئامار و زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستە، لانیکەم ٦٤٨ خۆپیشاندەر، لەنێویاندا ٩ منداڵ کوژراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم ئامارە تەنیا پەیوەندی بە گیانبەختکردووانەوە هەیە و هەزاران کەس بریندار و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش دەسبەسەر کراون.
ئەم ڕێکخراوە داکۆکیکاری لە مافی مرۆڤە دەڵێت، کە بەهۆی پچڕانی تەواوەتی ئینتەرنێتەوە لە شەوی پێنجشەممەوە و سنوورداربوونی توندی دەستپێگەیشتن بە زانیاری، پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆی ئەم ئامارانە لە دۆخی ئێستەدا بەرەوڕووی کێشەی جیدی بووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە توندبوونەوە و بەردەوامیی کوشتنی خۆپیشاندەران، لە بەیاننامەکەی خۆیدا سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدانی بەرفراوانی دەسبەسەرکراوان هۆشداری دەدات.
شایانی باسە، کە لەم بارەیەوە، غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا جەختی کردەوە، کە دادگاییکردنی دەسبەسەرکراوانی ناڕازی دەبێت خێرا بێت و دەبێت تۆڵەیان لێ بکەینەوە.





