لە درێژەی زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر چالاکانی سێنفی لە بواری پەروەردە و فێرکردن لە کوردستاندا، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بڕیاری دەرکردنی هەشت مامۆستای کوردستانی لەلایەن یەکەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردەوە یەکلایی کرایەوە و پێیان ڕاگەیەندرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، ئەم گرووپە لە مامۆستا دەرکراوەکان هەموویان خاوەنی پێشینەی درێژی وانەوتنەوە، خوێندنی زانکۆیی لە ئاستی باڵادا بوون.
بڕیارە یەکلاکەرەوەکانی دەرکردن سێ مامۆستا لە سنە، چوار مامۆستا لە دیواندەرە و یەک مامۆستا لە مەریوان دەگرێتەوە، کە بریتین لە:
مەجید کەریمی، غیاس نیعمەتی، جەهانگیر بەهمەنی، ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە، هیوا قوڕەیشی و سومەییە ئەختەرشومار.
لەنێو ئەم هەشت کەسەدا، دوو مامۆستا سەرەڕای دەرکردن، سزای دوورخستنەوەی هەمیشەیی لە هەموو کارە دەوڵەتییەکانیشیان بەسەردا سەپێنراوە.





