چاونیوز: هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان، چەندین لاوی کوردیان دەسبەسەر کردووە.
لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەش هاووڵاتیی دیکە لە شارەکانی کامیاران و کرماشان دەسبەسەر کراون، کە سێ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی “خۆڕاگری”، ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەکان بەبێ حوکمی قەزایی و بە شێوەیەکی نایاسایی، هەڵمەتێکیان بۆ گرتنی هاووڵاتییان دەست پێ کردووە و لە ئەنجامدا شەش کەسیان بۆ شوێنی نادیار گواستووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی بەفرانبار، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی “گازرخانی” سەر بە شاری کامیاران و مێردمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵیان بە ناوی “دانیال نەدیمی” لەگەڵ هاووڵاتییەک دیکە بە ناوی “محەممەد مارابی” دەسبەسەر کردووە.
هەروەها سێ ڕۆژ پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباردا، دوو برای دووانە بە ناوەکانی “ئارتین نەدیمی” و “ماردین نەدیمی” تەمەن ١٩ ساڵ، بە شێوەیەکی توندوتیژ لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی “سینا نەزەری”، چالاکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان و خەڵکی گوندی “سەفەرشا”ی سەر بە شاری گاوەرە لە پارێزگای کرماشان، لە ئارادایە. ناوبراو کە دانیشتووی شاری کەرەجە، نزیکەی ١٠ ڕۆژ پێش و لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستبەسەر کراوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، ناوبراو لە مافی پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەی و دەسپێگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و شوێنی ڕاگرتنی نادیارە.
جێگەی ئاماژەیە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر هۆکاری گرتن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە.





