چاونیوز: لە درێژەی فشارە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خەڵکی کوردستان و لە بەرەبەری ساڵیادی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی “ژینا” شەپۆلێکی نوێی گرتن و ڕاگواستنی هاووڵاتییانی کوردستان دەستی پێ کردووە.
بەپێی زانیاری و هەواڵە بڵاوکراوەکان، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەستیان داوەتە دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، “دنیا وەیسی”، تەمەنی ٣٠ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی ئەڵەکی سەر بە کامێران بە ناوی “یاسر حوسێنی”، تەمەن ٢٨ ساڵ، لەلایەن هێزەکانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانان، هێزەکانی سەربە ئیتلاعات لە هەڵمەتێکی توندئاژۆیانەدا “عەبدولباست باپیری”، خەڵکی گوندی “کانی سپی” سەربە شاری شنۆ، و “هیوا عەبدوڵڵاهی”، ڕاهێنەری وەرزشە ڕەزمییەکان و خەڵکی مەهابادیان دەسبەسەر کردووە و چارەنووسیان نادیارە.
سەبارەت بە دۆخی دەسبەسەرکراوانی دیکەش، هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری جوانڕۆ، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٧ ساڵیان بە ناوی “سدیق نادری” بەبێ هیچ حوکمێکی یاسایی دەسبەسەر کردووە. شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی سدیق نادری لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانە لە کاتێکدایە کە ناوەندە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری گرتن و تۆمەتەکانیان نەداوە و تائێستا سەرجەمیان لە دۆخێکی نادیار و بێسەروشوێندا ڕاگیراون، ئەمەش نیگەرانیی قووڵی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە.





