چاونیوز: شەپۆلی دەسبەسەرکردن سەرەڕۆیانە و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییانی کوردستان نیگەرانیی بنەماڵە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەرکانی بەردەست، هێزەکانی سپا و ئیتلاعاتی شاری کامێران، ڕۆژی ١٨ی خەرمانان، “سیروان حەبیبی”، ئەندامی پەژاک و خەڵکی کامێرانیان دەسبەسەر کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هەتا ئێستە هیچ وڵامێکی دڵخوازیان لەسەر چارەنووسی نابراو وەرنەگرتووە.
هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکانی شاری کامێران، “هاوڕێ یووسفی” تەمەن ١٧ ساڵە، خەڵکی گوندی “ئەڵەک” سەربە شاری کامێران، پاش هەڵکوتانە سەر ماڵی باوکی دەسبەسەر کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیاریان ڕەوانە کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە، نزیکەی ٢٠ ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنەیان، بە ناوی “نیما ئەحمەدی”، کە پێشتر بە بۆنەی ڕاپەڕینی ژینا دەسبەسەر کرابوو، گرتووە و بێسەروشوێنیان کردووە.
شایانی باسە، چارەنووسی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی “دزەی مەرگەوەڕ” بە ناوی “لوقمان پوورمەند” کە لە کۆتایییەکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە دەسبەسەر کراوە، لە ناڕوونیدایە و هەتا ئێستە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەكەی دیار نییە لە کام گرتنگە ڕاگیراوە.





