چاونیوز: شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لاوانی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەروا بەردەوامە.
لە درێژەی دەسبەسەرکردنی لاوانی کورد، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ڕەزبەر، “ئەحمەد نەجفنیا”، خەڵکی شاری لۆمار، سەربە بە سیروان لە پارێزگای ئیلام، کرێکاری کارخانەی برنج، لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕەزبەر، لاوێکی دیکەش بە ناوی “موبین ماهیگیر”، خەڵکی سەراوڵە، سەربە چەرداوڵ، لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بە شێوەی توندئاژۆوانە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم دوو لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





