چاونیوز: شەپۆلی دەسبەسەرکردنی لاوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەزبەر، “شەریف ئاشناب” لاوی کوردی خەڵکی شاری مەلەکشایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.
پاش چەند ڕۆژ ڕاگرتن لە شوێنێکی نادیار، بەرەو بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام بەڕێ کراوە و لە ئێستەدا لە دۆخێکی ناڕووندا بەسەر دەبات و لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، کاتژمێری ٥ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٥ی ڕەزبەر، “عیرفان کەرەموەیسی”، خەڵکی گوندی “پاکل گراب”، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەربە ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە مالێ باوکیدا، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕاگوزاراوە و هەتا ئێستە لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





