ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ، تەرمی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، بە ناوی “بەختیار مەسعوودی” کوڕی لوقمان و حەمیدە خەڵکی شنۆ، لە حەوشەی ماڵەکەیاندا لە حاڵێکدا هەڵواسرابوو، دۆزرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و لە خزمانی ئەم هاونیشتمانییە، بە هەواڵنێری چاونیوزی گوت: بەختیار لە لاوانی چالاک لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا بوو کە خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٧٩ ڕۆژ لە گرتنگەی ئەلمەهدیی سپای ورمێ، لەژێر توندترین ئەشکەنجەکاندا بوو.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: بەختیار مەسعوودی دوای لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە، بە تۆمەتی “تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی، هەوڵدان دژی تەناهیی نیشتمانی و شکاندنی کەلوپەلی گشتی”، بە شەش ساڵ بەندکرانی تەعزیری و ١٥٠ ملیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی سزا درابوو کە دوای ماوەیەک ئەم حوکمە بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە و حوکمەکەی لە بەندیخانەی شنۆ تێپەڕاند.
ئەم سەرچاوەیە لە پەیوەندی لەگەڵ شێوەی بەڕواڵەت خۆکوژیی ئەم لاوە ٢٨ ساڵەیە، گوتی: ناوبراو لە کاتێکدا کە لەسەر ئەژنۆکانی دانیشتبوو، بە پشتوێنەکەی، لە بۆڕیی گازەوە هەڵواسرابوو. لە نیگای یەکەمدا دیار بوو کە بەر لە خۆکوژی کە لە ماڵدا تەنیا بوو، بەتوندی لێی درابوو و شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوە دیار بوو، تەنانەت سەریشی شکابوو.
بەختیار مەسعوودی بەهۆی سزای نەختی، گوشاری بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندە ئەمنییەکان، دۆخی دەروونی و ڕۆحیی ناجێگیر بوو.
تەرمی ئەم لاوە، بەر لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی لە زێدەکەی، ڕەوانەی پزیشکی داد کرابوو و تا ئێستا بنەماڵەکەی چاوەڕێی وڵامی پزیشکی دادن.





