دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی “شەهرام نەجاری” و “شوانە ئیبراهیمی” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە ماڵە خۆیان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، شوانە ئیبراهیمی، دانیشتووی گوندی “ئاڵکاوێ”ی، سەر بە شنۆ، لە ماڵەکەی خۆیدا بە تووندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی ڕاگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوەتە سەر ماڵەکەی و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە.
هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ۱۱ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی شەهرام نەجاری تەمەن ٢٨ ساڵ ، خێزاندار و دانیشتووی گوندی “دەلۆ”ی، سەر بە شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەگەری تۆمەتبارکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.





