ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کەیوان ڕەسووڵیئازەر، تەمەن ٤٢ ساڵ و هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بە هەڵیانکوتانە سەر ماڵەکەی بووە.
ناوبراو خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤، حەسەن شادیخا، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی سینگانی سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن یان ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە، لەبەر دەستدا نییە.
شایەنی باسە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١۵ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.





