چاونیوز: سێ هاووڵاتیی کورد، لەلایەن دەزگای قەزاییی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “سیروان شەعبانی” ٢٥ ساڵە، هونەرمەند و سەرپەرەستیاری ئۆرکێسترایەکی پاپ و نەریتی، “خۆسرەو محەممەدینیا” و “مەسعوود تووشماڵی” خەڵکی کرماشان، کە لە پێوەندیی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کراون، بە تۆمەتی “شەڕ لەگەڵ خودا” لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی تارانەوە، سزای سێدارەیان بە سەردا سەپا.
شایانی باسە، ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیسلامشەهرەوە دەسبەسەر کران، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە گرتنگەی ئیتلاعاتی هەمان شار و لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوون، پاش ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ بەرەو بەندیخانەی قزڵحەسار ڕاگوازراون و ئێستەش لە هەمان بەندیخانەدا لەژێر مەترسیی لەسێدارەدانن.





