لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی “کاوە کۆڵە” و “قادر کۆڵە” لە شاری بوکان و “محەمەد مستەفا” لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۱۷ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، کاوە کۆڵە لەگەڵ برازاکەی بە نێوی قادر کۆڵە خەڵکی گوندی “کانێ ڕەش”ی، سەر بە بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
دەسبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ حوکمی دادوەری و لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵە کانیان بووە.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، محەمەد مستەفا خەڵکی شاری مەهاباد لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتیانە لەبەردەستدا نییە.





