بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕ، حوکمی سێدارەی سێ هاونیشتمانی بە ناوەکانی “ئیدریس ئالی” و “ئازاد شوجاعی” خەڵکی گوندی “دۆڵە گەرم”ی سەردەشت و هەروەها “ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ” خەڵکی سلێمانیی باشووری کوردستان، بە نهێنی و بەبێ دوایین چاوپێکەوتن، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
ناوبراوان پێشتر بە تۆمەتی “موحاریبە و افساد فیالارض لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دژبەر و لە قازانجی ئیسرائیل”، بە سێدارە حوکم درابوون.
هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان، جێبەجێکردنی حوکمی ئەم سێ بەندکراوەی، “درێژەی هەوڵە جیددییەکانی دەزگای داد لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کەسانی سەر بە ئیسرائیل” ڕاگەیاندووە.
ئەم سێ هاونیشتمانییە کە لەسەر سنوور خەریکی کۆڵبەری بوون، پووشپەڕی ١٤٠٢ لە سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوون و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجە جەستەیی، ڕۆحی و دەروونیدا بوون.
دەزگای داد و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم سێ هاونیشتمانییە کوردەی بە “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” و “ڕاگواستنی کەلوپەلی کەڵکوەرگیراو لە کوشتنی فەخریزادە”، تۆمەتبار کردبوو.