چاونیوز: دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدانی لاوان و هاووڵاتییانی کوردستان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، نیگەرانیی جیددی بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، بە ناوەکانی “شایان وەیسی” و “سەجاد وەیسی”، کوردی یارسان کە بە ڕیز دەکەنە ئامۆزا و برای موجتەبا و مەیسەم وەیسی کە لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە تیرۆر کران، لەژێر مەترسیی سێدارەدان.
ئەم دوو لاوە کوردە کە لە ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەممە لە ڕێگای سەرپێڵی زەهاو بە هۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار دەسبەسەر کرابوون، لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی و بە دانپێدانانی زۆرەملێ و لە ڕێگەی ئەشکەنجەوە بە تۆمەتی “دژایەتی لەگەڵ خودا” مەحکووم کراون و لەلایەن دەزگای قەزاییی کۆماری ئیسلامی حوکمی سێدارەیان بۆ دەرچووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، لاوێکی دیکەی کورد، بە ناوی ئارمان مەعرفتی، ٣٠ ساڵە و خەڵکی سەقز، کە لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە تاران دەسبەسەر کراوە، پاش دانپێدانانی زۆرەملێ، لەلایەن قازی سەڵواتییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە حوکمی ئەم هاووڵاتییانەی کورد، لە حاڵێکدا دراوە کە لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەشن و لە کەشێکی ئەمنییەتی و لەژێر ئەشکەنجەدا دانیان بەو تۆمەتانە ناوە کە بۆیان دیاری کراوە.





