چاونیوز: سێ برای کورد، هاوکات لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی ڕێبەندان، ناسر دادیار، کوڕی ڕەحمان، خەڵکی گوندی داشبەند، سەربە بۆکان، لە ماڵەکەی خۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، بە شێوەیەکی توند و تیژانە و شکاندنی دەستی دەسبەسەر کراوە و شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەروەها دو برای دیکەی بە ناوەکانی مووسا و حەمزە دادیار، لە هەمان کاتدا، لە گوندی گوێکتەپە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
شایانی باسە، برایەکی تری ناوبراون، بە ناوی ڕەسووڵ دادیار لە ڕێکەوتی ٢٥ سەرماوەزی ئەمساڵ، دەسبەسەر کراوە و لە گرتنگەی بۆکانە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ئەم سێ برایە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





