هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵوەگەڕیی شەهیدکرانی “ڕامین فاتحی”، ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بانگکردنی وریا فاتحی، برای شەهید ڕامین، گوشاری زۆریان خستۆتە سەر ئەو بنەماڵەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە وریا فاتحی، برای ڕامین فاتحی لە شەهیدانی “بزوتنەوەی ژینا” لەلایەن هێزەکانی ئیدراەی ئیتلاعاتی شاری سنە بانگکرا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپێچینەوەی لێکراوە.
ڕادا فاتحی، خوشکی شەهید ڕامین و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا، لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا نووسی: ” بەیانی ئەمڕۆ ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤
براکەم وریا فاتحی دیسان لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە بانگ کراوە. ئەو لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا سێ جاری دیکە لەلایەن ئەو ناوەندە بانگ کرابوو و کەوتبووە بەر هەڕەشەی ئەو هێزانە و بە چەندین کاتژمێر لێپێچینەوەی کراوە”.
شایانی باسە کە ڕامین فاتحی، هاونیشتمانیی تەمەن ٤٧ ساڵی خەڵکی سنە، ٩ ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سنەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دا، ناوبراو ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لەگەڵ خوشک و براکەی ڕادا وریا، لە ڕەوتی بزوتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، دەسبەسەر کرا بوون.





