فەردین مەولوودی، زیندانیی سیاسیی پێشوو، خەڵکی سنە و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی کاتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای ۵ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە چاونیوز، فەردین مەولوودی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مستەفا عەزیزی، بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی” سزای ۵ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم سزایە لە کاتێکدا دەرچووە کە فەردین مەولوودی پێنج مانگی ڕابردووی لە زینداندا بەسەر بردووە و بەهۆی نەخۆشییەوە توانای بەرگەگرتنی زیندانی درێژخایەنی نییە.
فەردین مەولوودی ڕۆژی شەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە درێژەی دەسبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری سنە دەسبەسەر کرا و ماوەیەک دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.





