ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٤ عادڵ یوسفینژاد و ئاکۆ یوسفینژاد، باوک و برای چیاکۆ یوسفینژاد، چالاک و شەهیدی ژینگە خەڵکی سنە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەسبەسەر کراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم دوو هاووڵاتییە لە دوای بانگهێشت کردنی تەلەفوونی و سەردان کردنی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە، لە دەورووبەری سەعات ١١ی پێش نیوەڕۆ دەسبەسەر کراون.
تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەسبەسەر کران و تۆمەتەکانی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.
چیاکۆ یوسفینژاد، چالاکی ناسراوی ژینگە و وەرزشکاری خەڵکی سنە، لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری بەرزاییەکانی کێوی ئاویەر تووشی سووتانێکی سەخت بوو و ڕۆژی ۵ی گەلاوێژی ١٤٠٤ دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کەوسەر لە ژێر چاودێریدا بوو گیانی لە دەستدا.





