ئیدریس مینبەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی “نوێژین” و یەکێک لە دەسبەسەرکراونی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو ماوە حەپسەی بەسەریدا سەپێنراوە، لەلایەن لقی جێبەجێکاری سزاکان لە دادگای سنە بانگ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤، ئیدریس مینبەری دەبێ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی سەردانی ئەم لقە بکات.
ئەم هاووڵاتیە پێشتر لە خەزەڵوەری ١٤٠٣ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی “پێکهێنانی گروپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات” سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو کە سزای یەک ساڵی بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپەسێردراوە.
ئیدریس مینبەری پێشتریش لە خەزەڵوەری ١٤٠٢ سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی تەعزیزی بەسەردا سەپابوو، کە حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا هەڵوەشاوە و دۆسییەکەی بۆ پێداچوونەوەی دووباره ڕەوانەی دادگای ئینقلاب کرا.
شایانی باسە کە ناوبراو لە خەزەڵوەری ١٤٠١ لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و لە ڕێبەندانی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





