ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، “ساسان چەمەنئارا”، چالاکی مەدەنی و هونەرمەندی خەڵکی ئیلام، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.
لەم پەیوەندییەدا، “جەواد چەمەنئارا”، برای ئەم هونەرمەندە لە لاپەڕەی “ئیکس”ی خۆیدا نووسیویەتی: “ساسان ڕۆژی پێش دەسبەسەرکرانی، ئیبلاغییەیەکی وەرگرتبوو کە، بە دەسپێڕاگەیشتنی نایاسایی بە دەیتاکان، سیستەمی کۆمپیۆتەری یان موخابراتی تۆمەتبار کرابوو.”
ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ داکۆکی لە خۆی، پارێزەری دیاری کردووە و ڕۆژی چوارشەممە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکەی لە ماڵ چووەتە دەرەوە کە لەلایەن ٩ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوە.
ساسان پێشتریش دەسبەسەر و ڕەشەمەی ١٤٠٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام”، بە سێ مانگ بەندکران (بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرکران) و بە دانی ٢٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی، حوکم درابوو.





