کاوە ئەحمەدزادە، زیندانیی سیاسیی پێشوو کە ماوەی سزاکەی لە زیندانی ناوەندیی بۆکان بەسەر دەبرد، بەهۆی جەڵتەی دڵ و لە ئەنجامی پشتگوێخستنی دۆخی نالەباری تەندروستیی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە و ڕانەگواستنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە چاونیوز گەیشتووە، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ئازەری ١٤٠٤، تەرمی کاوە ئەحمەدزادە، زیندانیی سیاسیی پێشوو کە دوای گیانلەدەستدانی بۆ توێکاری ڕەوانەی پزیشکیی دادی ورمێ کرابوو، بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی هۆکاری وردی گیانلەدەستدانەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کاوە ئەحمەدزادە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا تووشی جەڵتەی دڵ ببوو، چەند ڕۆژ پێش گیانلەدەستدانی بەدەست ئازاری توند و کێشەی جەستەییەوە دەیناڵاند، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕێگرییان لە گواستنەوەی بەپەلەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان کردبوو.
کاوە ئەحمەدزادە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە، بە گشتی نزیکەی دە ساڵی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر بردبوو و چەندین جار لە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان بێبەش کرابوو.





