چاونیوز: بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گەیشتوون، ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “یووسف ئەحمەدی”، بەندکراوی سیاسیی کورد، خەڵکی بانە و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەم بەندیخانەیە گواستراوەتەوە.
ئەم کارە مەترسیی ئەگەری جێبەجێکردنی بەمزووانەی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی جیددی زیاد کردووە.
شایانی باسە، یووسف ئەحمەدی، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، تەنانەت بەبێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی، ڕۆژانی دەسبەسەریی بەسەر بردووە.
هەروەها ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاوڕێ لەگەڵ هەشت بەندکراوی سیاسیی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە کوردستان، وەک ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە کوشتاری هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان و ئیلام و وەک هاودەنگییەک لەگەڵ خەڵکی ناڕازیی ئێران، مانیان گرتبوو.





