بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی “خدر ڕەسووڵی” ٦٩ ساڵە و “کلارا ڕەسووڵی” ٣٧ ساڵە (باوک و خوشکی کارۆ ڕەسووڵی چالاکی سیاسی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان)، بەبێ حوکمی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ ڕاگوێزران.
ئەم باوک و کچە تا ئێستا لە دۆخێکی نایاسایی، لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون و هاوکات میدیاکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان کردووە کە بەزوویی دانپێدانانی زۆرەملێی خدر ڕەسووڵی بڵاو دەکەنەوە؛ دانپێدانانێک کە لەژێر فشار و لە دۆخێ دەسبەسەرکردنی نایاسایی تۆمار کراوە.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: شەوی دەسبەسەرکردنی ناوبراوان، ژمارەیەک لە هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ بە هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر ماڵی خدر ڕەسووڵی، وێڕای شکاندنی دەرکەی ماڵ و بێڕێزی و سووکایەتی بە ئەندامانی بنەماڵە، خدر و کلارایان بەبێ حوکمی دادوەر و ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانی وەپاڵدراویان، دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێیان ڕاگواستوون.
خدر ڕەسووڵی لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار بانگ و هەڕەشەی لێ کراوە و بە شێوەی کاتی دەسبەسەر کراوە و بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. ئەو پێشتر بەهۆی ئەندامێتیی کوڕەکەی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەسبەسەر و بە ٥ ساڵ بەندکران و دواتر بە سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی حوکم درابوو.
هەروەها بەردەوام بۆ چەندین کاتژمێر تا ڕۆژێک بە شێوەی خۆسەرانە دەسبەسەر کراوە.
لەلایەکی دیکەوە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، هێزە ئەمنییەکان جارێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و جارێکیش تەقەیان لە ماڵەکەیان کردبوو و دوو جاریش هەڕەشەیان لێ کردبوون کە ماڵەکەی دەسووتێنن.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کاناڵەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکان، بەبێ ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە ناوی هیچ کەسێک، ڕایانگەیاند کە بەزوویی دانپێدانانی زۆرەملێی تەلەڤزیۆنی لەبارەی “باوکی کارۆ ڕەسووڵی” بڵاو دەکەنەوە. لەم هەواڵەدا کاناڵەکانی ناوەندە ئەمنییەکان، باوکی کارۆ ڕەسووڵی بە “کۆکردنەوەی زانیاری لە ناوەندە سەربازییەکانی مەهاباد و ناردنی لەبری پارە بۆ کوڕەکەی” تۆمەتبار دەکەن. ئەم هەوڵە نموونەی بەرچاوی کەڵکوەرگرتن لە ئەشکەنجە و فشاری دەروونییە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و ساختە و بڵاوکردنەوەی وەک ئامرازێکی تەبلیغی.
بە سەرنجدان بە بەڵگەکان، دەسبەسەرکردنی خدر و کلارا ڕەسووڵی، بەتەواوی نایاساییە و تەنیا بەهۆی ئەوەیە کە کوڕێکی ئەم ماڵە چالاکی سیاسییە. ئەم هەوڵانە نیشاندەری دەسبەسەرکردنی خۆسەرانە، سزادانی بەکۆمەڵ، بێبەریکردن لە مافی بنەڕەتی، ئەشکەنجەی دەروونی و پێشێلکردنی ئاشکرای بەندەکانی ٩، ١٠ و ١٤ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی یاسای مەدەنی و سیاسییە. هەڕەشەکردن بۆ بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشکردن لە دەرمانی پزیشکیش، وەک پێشێلکردنی ئاشکرای کۆنوانسیۆنی ڕەتکردنەوەی ئەشکەنجە دێتە ئەژمار.
شایانی باسە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، خدر ڕەسووڵی دوو جار نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکان بووە. بەڵام لە ماوەی ١٣ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی خۆسەرانە، ناوبراو لە دەرمانی پزیشکیی پێویست بێبەری کراوە و گیانی لە مەترسیی جیددیدایە.





