چاونیوز: بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و بێخەبەریی لە دۆخی هاووڵاتیانی کوردستان لە ڕەوتی دوایین ناڕەزاییەکان، نیگەرانیی جیددی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، “عبدالله ڕەزایی”، چالاکی سینفیی مامۆستایان و ئەندامی ئەنجوومەنی سینفیی فەرهەنگیان لە هەرسین، لەلایەن هێزەکانی زانیاریی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەروەها هاووڵاتییەکی تر بە ناوی “عیرفان جاویدان”، ٢٥ ساڵە، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاریەکەی کەرناچی، لە ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندان ١٤٠٤، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ماڵی خۆی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، لە بەربەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، “حەسەن خەشروو”، خەڵکی ئیلام، “عیسا حەیدەری”، خەڵکی گوندی پاکڵگراڤ سەربە بەدرە و “عەلی دانشپژوە”، خەڵکی بەدرە لە پارێزگای ئیلام، دوای هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵیان، دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. شایانی باسە، کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی تەندروستی، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.





