چاونیوز: چالاکانی مەدەنیی لوڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوام لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئەمنییەتیدان.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی پووشپەڕ، مێهرگان نامئاوەر، ژنە شاعێر و نووسەری لوڕ و خەڵکی دێهدەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوە.
ئەم چالاکە فەرهەنگییە، پێشتر لە ڕێبەندانی ١٤٠٣دا جارێکی تر دەسبەسەر کراوە و هەروەها لە خاکەلێوەی ١٤٠٤یشدا لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە هێرش کراوەتە سەری و بریندار کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، چالاکێکی دیکەی لوڕ، بە ناوی یاسر ئەحمەدینژاد، ٤١ ساڵە، پارێزەری پلەی یەکی دادگا و کرێکاری بەشی دەرهێنانی نەوت، نزیک بە ٤ مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستە چارەنووسی نادیارە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.




