چاونیوز: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، دەسبەسەرکردنی لاوانی پارێزگاکانی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕێبەندان، زیاتر لە ٢٠ مەئمووری ئیتلاعات بە زەبروزەنگ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی ئیلامی، بە ناوەکانی “ساسان پاکڕەوان” و “ئیحسان پاکڕەوان”، لە گەڕەکی هانیوانی ئیلام و دەسبەسەریان کردوون.
بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ حوکمی قەزایی چوونەتە نێو ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و دەرگا و پەنجەرەیان شکاندووە و کەلوپەلی نێوماڵیان تێک داوە.
شایانی باسە، لە میانەی هەڵمەتەکەدا شەڕ لە نێوان هێزەکانی ئیتلاعات و دانیشتووانی گەڕەكەکە ڕووی داوە و بە یارمەتیی خەڵک، ئیحسان پاکڕەوان توانی لە دەستی هێزە ئەمنییەکان هەڵبێت، بەڵام ساسان پاکڕەوان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.





