چاونیوز: دوو بەندکراوی کورد پاش چەند ڕۆژ دەسبەسەری لە دۆخی ناڕوونی و بێسەروشوێنی بەسەر دەبەن.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی خەرمانان، “مێهران ئیبراهیمزادە”، ٣١ ساڵە، خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، لە دووکانی ڕوونگۆڕییەکەی بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “محەممەد محەممەدیزادە” تەمەن ٣٧ ساڵ، باوکی دوو منداڵی دوانەی یەکساڵە، خەڵکی گوندی “یاپاڵ” سەربە شاری دیواندەرە و دانیشتووی ئەم شارە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم دوو هاووڵاتییە لە دۆخی ناڕوونی و بێسەروشوێنی بەسەر دەبەن و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم دوو کەسە بە بنەماڵەکانیان نەداوە.





