ڕۆژی پێنجشەممە ۲٦ی ڕەزبەر ۱٤۰٤ی هەتاوی، هاووڵاتیکی خەڵکی بۆکان بە ناوی “عەبدوڵڵا گوڵستانی” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی “عەبدوڵڵا گوڵستانی” خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکان لەسەر چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسه ئەو هاووڵاتییە بەفرانباری ساڵی ۱٤۰۳ هەتاوی، لەلایەن لقی ۳ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بە تۆمەتی ” تەبلیغ بەدژی نیزام” بە ۳ مانگ و ۱ ڕۆژ بەندکران سزا درابوو.
عەبدوڵڵا گوڵستانی، پێشتریش لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، به ۱۱۳ میلیۆن تمەن جریمەی نەغدی و ۱ مانگ بەندکران حوکم درابوو کە بە پێبژاردنی ئەو پارەیە و دانانی بارمتەی ۱ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





