لە میانەی دوایین خۆپێشاندانەکانی شارەکانی کوردستان و ئێران، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، مامۆستایەکی یاریدەدەری زانکۆیان لە کوردستان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوکتور عەلیئەکبەر ئومیدی، مامۆستای بەشی ئابووری، لەگەڵ نەبی ئومیدی، برای ناوبراو و خەڵکی مەلەکشا، لە ئێوارەی یەکشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لیباس شەخسییەکان، بەبێ نیشاندانی هیچ حوکمێکی یاسایی، بە توندوتیژی و نایاسایی ناوبراو و براکەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئەم کردەوەیە، نەک وەک هەنگاوێکی “ئەمنییەتی”، بەڵکوو وەک نموونەیەکی ئاشکرای ڕفاندنی پیلاندارێژراو، تۆقاندنی سیستماتیک و پێشێلکردنی ئاشکرای سەرەتاییترین بنەماکانی مافی هاووڵاتیبوون وەسف دەکات.
دەسبەسەرکردنی دوکتور ئومیدی، لە پێگەی مامۆستا، مامۆستای زانکۆ و ڕووناکبیرێکی بەرپرسیار، بەهۆی دەربڕینی هەڵوێستی مرۆیی و ئەخلاقی سەبارەت بە خۆپێشاندانەکان و هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی ناڕازی بووە؛ هەڵوێستێک کە لە هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەدا نیشانەی بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتیی بلیمەتەکانە، بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا بە سەرکوت، کوشتن و سزادان وڵام دەدرێتەوە.





