چاونیوز: دەسبەسەرکردن و گوشاری ئەمنییەتی بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنیی کورد بەردەوامە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ای ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، “ئازاد ڕەحمەتی”، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بانە و چالاکوانی بواری ژینگە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بە هەڵکوتانە سەر ماڵی ناوبراو و بەبێ بوونی هیچ حوکمێکی قەزایی، ئەم کەسەیان دەسبەسەر کردووە. ئەم چالاکوانە ژینگەییە، کە خێزاندارە و خاوەن منداڵە، پاش دەسبەسەرکردنی ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، تا ئەم ساتە بەبێ ئەنجام بووە.
نادیاربوونی چارەنووسی ئەم چالاکوانە ژینگەییە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە تەندروستی و دۆخی ڕاگرتنی ناوبراو زیاد کردووە و لەم ڕاستایەدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام هۆشدارییان داوەتە سەر چۆنیەتیی دەسبەسەرکردنەکان بەبێ بڕیاری دادگا و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییان لە ئێران.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتەکان یان ئەو دامەزراوە ئەمنییەی ناوبراوی گرتووە، بڵاو نەکراوەتەوە.





