ئەسمەر حەمیدی، ژنە هونەرمەندی کورد و خەڵکی خوراسانی باکوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە چاونیوز گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەز، “ئەسمەر حەمیدی”، چالاکی فەرهەنگی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی لاوی کورد و خەڵکی شارستانی “مانە و سەمەلقان”ی پارێزگای خوراسانی باکوور، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
شایانی باسە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هونەرمەندە کوردە و جگە لە دەسبەسەرکردنی، پەیجی ئینستاگرامی تایبەتیی ناوبراویشیان داخستووە.
ئەسمەر حەمیدی یەکێکە لە هونەرمەندانی بواری مۆسیقای کوردی و ژنە چالاکێکی بواری فەرهەنگییە و پێشتریش بەهۆی چالاکییە فەرهەنگییەکانی و دەربڕینی بۆچوونی ڕەخنەگرانە لە حکوومەت، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە خراوەکانی پاڵی، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە کوردە لە بەردەستدا نییە.





