چاونیوز: لە ڕۆژانی ڕابردوودا “هوشیار شەعبانی”، چالاکوانی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بانە، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ماوەی دەسبەسەرکردنەکەیدا، تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، هوشیار شەعبانی دوای دەسبەسەرکردنی، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی، داوای لە دایکی کردبوو کە بۆ ئازادکردنی هەوڵی دابینکردنی بارمتە بدات، بەڵام دوای ئامادەکردنی بارمتە و سەردانی دایکی بۆ ناوەندی پەیوەندیدار، هێزەکانی ئیتلاعات بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە هوشیار شەعبانی بە هیچ جۆرە بارمتەیەک ئازاد ناکرێت و بڕیارە بۆ زیندانی ئێڤین بگوازرێتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو پێشتر لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا کرابووە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و سێ گولـلە بەر ماسولکەی قاچی کەوتبوو. ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ ماوەی ٤٦ ڕۆژ لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیرا و پاشان لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ بۆ زیندانی بانە گوازرایەوە.
ئەم چالاکوانە مەدەنییە، سەرەنجام ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤، دوای ٥٣ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، بە دانانی بارمتەی قورسی دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی بانە ئازاد کرابوو.
شایانی باسە، هوشیار شەعبانی پێشتریش بەهۆی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانییەوە، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.





