چاونیوز: بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان، بووەتە بابەتێکی جێی نیگەرانی.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، “سوهراب بەهرامی”، یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و خاوەن ئەزموون لە بواری ژینگەپارێزیی کوردستان، ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.
ناوبراو کە لە شوێنی کارەکەی خۆی و لە کاتی شەپۆلی بەرفراوانی دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە، دوای مانگێک هێشتا لە دۆخێکی نادیاردایە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، سوهراب بەهرامی، لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردایە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان، بڕیاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو جارێکی دیکە درێژ کراوەتەوە؛ ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە درێژەی ناڕوونی و ئەگەری گوشارەکان بۆ سەر ئەم چالاکە مەدەنییە زیاتر کردووە.
سوهراب بەهرامی، پێشتریش پێشینەی دەسبەسەرکردن و زیندانیکردنی هەبووە و یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی بواری چالاکییە مەدەنی و ژینگەییەکان لە کوردستان ئەژمێر دەکرێت.





